هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: عوسمان دادوەند، هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، عوسمان دادوەند، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “بادیناوا”ـی سەربە شاری پیرانشار، دوای بانگکردنی بۆ لقی ١ی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، هەرلەوێ دەسبەسەر کرا و بۆ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.

عوسمان دادوەند، پێشتر کە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار بە سەرۆکایەتیی قازی “ساعەتلوو” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتەی ١ملیارد تمەنی بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.