هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەرسەلان یوسفی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بەدانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەرسەلان یوسفی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سڵامەت”ـی سەربە شاری بۆکان، کە نزیکەی یەک مانگ و ٢٠ڕۆژ  لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆمار ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ئەرسەلان یوسفی، ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان بانگ کراوە وهەرلەوێ پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.