هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هیوا شەباهەنگ، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هیوا شەباهەنگ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەهاباد کە نزیکەی یەک مانگ و بیست ڕۆژ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد ئازاد کرا.

هیوا شەباهەنگ، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینە، لە یەکێک لە گرتنگەکانەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری مەهاباد.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو و تائێستاش هیچ زانیارییک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.