خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد، ژمارەیەک هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون و چارەنووسی هێندێکیان بە نادیاری ماوەتەو.
ڕۆژی شەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم لە گوندی “حاجی ئاباد”ـی ناوچەی چۆمی جەخەتووی بۆکان هاووڵاتییەک بە ناوی هەژار ڕەحیمییان بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کردووە و هاوکات لە گەڕەکی میراوای بۆکان، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی پەرویز بەنگی و دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، دکتۆر ڕێبین مەولوودی، پزیشکی ددان و هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لەبەردەم نۆرینگەکەی خۆی لەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
لەلایەکی دیکەشەوە، مالک خەڵەفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “لومار”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، ماوەی ٣١ ڕۆژە لە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا بێسەروشوێنە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ئەوین زارعی، چالاکوانی مافەکانی ژنانی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتەکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

Be the first to comment