هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: یاسین سەمسام، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، پاش تێپەڕبوونی ٩مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، یاسین سەمسام، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، کە نزیکەی ٩مانگ دەبێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ٢ملیارد و چوارسەد ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی شاری شنۆ ئازاد کراوە.

یاسین سەمسام، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرایەوە و هەروەها لە ماوەی ئەو ٩مانگەدا کە دەسبەسەر بووە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.