دوو قازیی تاوانباری کۆماری ئیسلامی لە تاران کوژران

خۆڕاگری: محەممەد موقەیسە و عەلی ڕازینی، دوو قازیی ناسراو و تاوانباری کۆماری ئیسلامی کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژران.

ڕۆژی شەممە، ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: محەممەد موقەیسە و عەلی ڕازینی، دوو قازی نادادپەروەر و تاوانباری دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی لە تاران لەلایەن چایچییەکەی خۆیانە کە کەسی نزیکی ڕازینی بووە کوژراون کە هەردووکیان دەستی باڵایان هەبووە لە دۆسییەسازی و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندکراوانی سیاسییدا و بە ناحەق هەزاران بەندکراوی سیاسییان لە سێدارە داوە.

ئەو دوو قازییە بڕیاردەری دادگای گشتیی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا ئەندامی هەیئەتی مەگ بوونە لە بڕیاردانی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا ئەو دوو قازییە و قازییەکانی دیکەش زۆر بە ناحەق و نادادپەروەرانە سزای مەرگ و سێدارەیان بەسەر خەڵکی بێتاواندا سەپاندووە و بوونەتە هۆی تێکدانی شیرازەی هەزاران بنەماڵە و خەڵكیان بەکۆمەڵ لە سێدارە داوە.

شایانی باس کە، لەنێو دادگای باڵای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو قازی ناسراو و تاوانباری ئەو ڕێژیمە لەلایەن چایچییەکەی خۆیانەوە کوژراون کە ئەوە دەرخەری ئەوەیەکە تەمەنی نادادپەروەر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەڕوات، هەروەها ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەی هەیە کە، ئەو قازییانە و قازییە تاوانبارەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە دادگایەکی دادپەروەرانە و لە بەرچاوی خەڵک و هەموو میدیا جیهانییەکان دادگایی بکرێن و بۆ هەموو جیهان ڕوون ببێتەوە کە تاوان و نادادپەروەرییەکەیان چییە و سزای تاوانەکانیشیان بەسەردا بسەپێندرێت بۆ ئەوەی خوێنی بەناحەقڕژاوی خەڵكی بێتاوان و بەندکراوانی سیاسی بەفیڕۆ نەچی.