دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێهران کووهی و ئۆمێد خوسرەوی، دوو خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری قوروە سەربە پارێزگای سنە، بەهێزی چەکداری ١٠کەسییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مێهران کووهی، خوێندکاری بەشی کارناسی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری سنە.

هەروەها لە هەمانکتدا، ئۆمێد خوسرەوی، هاووڵاتی خەڵکی قوروە بە هەمانشێوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیراوی ناوبرا لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەنە سەرکوتکەرەکانیش هیچ وڵامێکی بنەماڵەکەیان نەداوەتەوە.

مێهران کووهی، پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ئەو هێزە چەکدارەی سپای تێرۆریستی پاسدارنەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شەهرامفەری سپای پاسداران لە سنە و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و سپای پاسداران لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.