دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ جاری دووهەم

خۆڕاگری: ئاریەن کۆخایی، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، جارێکی دیکە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئارین کۆخایی، لاوی تەمەن ٢٣ساڵانی خەڵکی شاری ئیلام، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە و ئەوە لە کاتێدایە کە تائێستا دۆسیەی دەسبەسەرکردنی جاری پێشووتری هێشتا کراوەیە و یەکلایی نەبۆتەوە و ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنەوەی لە بەردەستدا نییە.

ئاریەن کۆخایی، لە ماوەی دەسبەسەربوونی جاری پێشوویدا، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەرکرا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە ماوەی چەند مانگ دەسبەسەربوونیدا لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکان، بە دورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت و دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئیلام تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپی تاوانکار، مانۆڕ بە چەک و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتیی درایە پاڵی و هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لەو شارە سزای پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.