ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی گرووپی شاخەوانی بنار بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەد دانیاڵی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “بنار”ـی ئاودانان، دوای دوو مانگ دەسبەسەرکردن لە گرتنگەی ڕێژیم لە ئیلام، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” محەممەد دانیاڵی، تەمەن ٢٣ساڵی خەڵکی ئاودانانی سەربە پارێزگای ئیلام و ئەندامی گرووپی ساخەوانیی بنار، پاش تێپەڕینی دوو مانگ لە دەسبەسەرکردنی لە گرتنگەی ناوەندی ڕێژیم لە ئیلام، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥میلیارد تمەن، بە شێوەی کاتیی ئازاد کراوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەسبەسەرگەی ناوەندی ئیلام، بەمەبەستی بێڕێزیکردن بە محەممەد دانیاڵی سەریان تاشیوە و هیچ گرینگییەکیشیان بە پەروەندەکەی نەداوە و ناوبراویش لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لانیکەم دووجار مانی لە خواردن گرتووە و هەروەها دوو مانگ لەمەوبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی بەڵگەی قەزایی لە دێهلوڕن هەڵیانکوتایە سەر دانیاڵی و دەسبەسەر و گواستیانەوە بۆ گرتنگەی ڕێژیم لە ئیلام.