بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان و سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەریاندا

خۆڕاگری: حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، شەهیدی شۆڕشی ژینا، له شاری سنە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپا.
 بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ۱٤ی پووشپەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە بۆکان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی، سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپاوە.
بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەە دەسبەسەر کران کە یەکێکیان حەسەن ئەمینی بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترانەوە.