ئازادی کاتی ئەیووب ئاغڵیانی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە

خۆڕاگری: ئەیووب ئاغڵیانی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دەسبەسەر کرا و لە دوو پەروەندەی جیاوازدا سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەیووب ئاغڵیانی، خەڵکی شاری شنۆ، دوای ٢٦٢ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٢١ ملیارد و ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە ورمێ بە تۆمەتی تێکدانی کەرەستە گشتییەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزام و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی ڕێژیم شنۆش، سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ٧٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.