مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە سزای بەند کران و دوورخستنەوە و لێ ئەستاندنەوەی لیباسی مەلایەتیان بەسەر دا سەپێندرا

خۆڕاگری :بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا دوو مامۆستای ئاینیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی”مامۆستا لوقمان ئەمینی پێش نوێژی مزگەوتی چواریاری نەبی سنە و مامۆستائیبراهیم کەریمی نەنەڵە پێش نوێژی مزگەوتی گوندی نەنەڵە” لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینیی لە شاری هەمەدان سزای ٢٣ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە و لێ ئەستاندنەوەی لیباسی مەلایەتیان بە سەردا سەپێندرا.

بە پێی ئەو حوکمە، دادگا بە تۆمەتی پرپاگەندە بە دژی حکوومەت لە بەرژەوەندی حیزبە کوردییەکان ،هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و پشتگیری لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵک “مامۆستا لوقمان ئەمینی” بە ١١ ساڵ بەندکران و٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل و لێ ئەستاندنەوەی هەمیشەیی لیباسی مەلایەتی مەحکووم کردووە،هەروەها مامۆستا ئیبراهیم کەریمی بە ١٢ سال بەند کران و٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ بووشەهر لێ ئەستاندنەوەی هەمیشەیی لیباسی مەلایەتی مەحکووم کردووە.

ڕۆژی ٣ی ڕەشەممە ١٤٠١ی هەتاوی “مامۆستا لوقمان ئەمینی” و “مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە” بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.

ڕۆژی ١٠ی ڕیبەندان١٤٠١ی هەتاوی “مامۆستا لوقمان ئەمینی”پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی سنە- “مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە” پێشنوێژی مزگەوتی گوندی نەنەڵەی سنە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرابوون.