دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی کوردی دانیشتووی تاران لە پێش نەخۆشخانەی کەسرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: ڕۆژی جومعە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی چالاکێکی مەدەنی کورد بە ناوی”زانیار محەممەدنژاد” خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری تاران لە پێش نەخۆشخانەی کەسرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە زانیار محەممەدنژاد لە کاتی دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان کەوتووتە بەر ئەشکەنجە و لێدان.
بە پێی زانیارییەکان دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی گیان لە دەست دانی مەهسا”ژینا”ئەمینی کە چەند ڕۆژ پێش لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران بە سەختی بریندار کرابوو،خەڵک بە نیشانەی دەڕبرینی ناڕەزایەتی لە پێش نەخۆشخانەی کەسرا کۆبوونەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی زانیار محەممەدنژاد لەبەر دەست دا نییە و چارەنووسی نادیارە.