ڕەحمان قادری هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سزای ٣ساڵ و ٣مانگ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرا

خۆڕاگری: هاووڵاتیی کورد بە ناوی”ڕەحمان قادری”کوڕی کەریم خەڵکی شارۆچکەی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی بە تۆمەتی پرۆپاگەندە بە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٣ساڵ و ٣مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرا.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو حوکمە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیندراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە ڕەحمان قادری بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٢ساڵ و ٧مانگ و ١٦ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندراوە کە بە پێی یاسایی کۆ کردنەوەی سزاکان زیاترین سزاکەی جێبەجێ دەکرێت.

ڕەحمان قادری  ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار بە بێ نواندنی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ئازاد کرا.