دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی تری خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی”ڕێبوار ڕەسووڵزادە”خەڵکی گوندی”زەنگیاوێ”،”مستەفا ساغەری”خەڵکی گوندی”گەرگووڵ”و”ئەیووب ئیسماعیلی”خەڵکی گوندی”گردگشانە”سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و گوازراونەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئەیووب ئیسماعیلی و مستەفا ساغەری لە گوندی گردگشانە دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو بە دوادا چوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکانیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان “سابیر ئوسلووب”خەڵکی گوندی”کێلە سیپان”و “جەلال تەباک”خەڵکی گوندی”دایە شێخە”و” ئەسکەندەر بیسپار”خەڵکی گوندی شیناوێ و دانیشتووی شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەست دا نییە و چارەنووسیان نادیارە.