ئیعادەی دادرەسیی بە دۆسییەی کەماڵ شەریفی لە دیوانی بەڕزی وڵات ڕەت کرایەوە

خۆڕاگری: دیوانی بەڕزی وڵات ئیعادەی دادرەسی بە دۆسییەی بەندکراوی سیاسی کورد”کەماڵ شەریفی” تەمەن٥٠ ساڵ خەڵکی سەقز کە ئێستا لە بەندیخانەی میناب بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی دایە ڕەت کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار دادستانی شاری میناب ساڵی ڕابردوو داوای پێداچوونەوە بە دۆسییەی بەندکراوی سیاسی کەماڵ شەریفی لە دیوانی بەڕزی وڵات کردبوو.

کەماڵ شەریفی لە ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و لە بەندیخانەی میناب بەندکراوە تا ئێستا لە مافی بوونی مرەخەسی بێبەش کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکی شەڕێکی چەکداری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە.

کەماڵ شەریفی لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی”محاربە” لە ڕێگای”هاوکاری خەباتی چەکداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی میناب مەحکووم کرا.

کەماڵ شەریفی ڕۆژی ١٢ی ڕەشەممە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە بەندیخانەی میناب تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گوازرابووە بۆ نەخوشخانەی ئەو شارە و پاش ٤ ڕۆژ لە ژێر چاوەدێربوونی پزیشک لەلایەن بەرپرسانی زیندان بێ ئاگاداری پزیشکەکەی گەڕێندرابووە بۆ بەندیخانە.

دواتر ناوبراو لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ گوازرابووە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەندەرعەباس و نەشتەرگەری بۆ کرا و پاش نەشتەرگەرییەکەی سەڕەرای پێویستی زیاتر مانەوەی لە نەخۆشخانە، پاش دوو ڕۆژ دووبارە بۆ زیندانی میناب، گەڕایندرایەوە.