بەندکراوی سیاسی کورد هاشم مورادی لە بەندیخانەی نەغەدە لێو و چاوی خۆی دوریوە و مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بەندکراوی سیاسی کورد “هاشم مورادی ” تەمەن ٣٩ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی دەربرینی ناڕەزایەتی لە بەرپرسانی زیندانی نەغەدە و ڕێگری پێدانی مرەخەسی بە ئەو بەندکراوە مانی لە خواردن گرت.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بەندیخانەیە کە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئاگادار کردووە ئەو بەندکراوە لێو و چاوی خۆی دوریوە و مانی گرتووە.

هاشم مورادی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا  لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی خدر قادری ئازەر، محەممەد قادری ئازەر، عەلی بایزید پوور، شەفیع محەممەد نەژاد و ئیسماعیل محەممەد پوور لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەبدوڵڵا ئاقایی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» هەر کامەیان سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری پیرانشار دەستبەسەر و پاش ٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا بە ڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە  ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی خۆی بە لقی جێبەجێ کرانی یاسای کەیفەری شاری پیرانشار ناساند و بە مەبەستی تێپەراندنی پێنج ساڵ سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.