ئازادکرانی جەماڵ عەلەوی بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان

خۆڕاگری: ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد “جەماڵ عەلەوی”خەڵکی گوندی کۆسەکەرێز سەر بە شاری مەهاباد بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی تا کۆتا پرۆسەی دادگایەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

جەماڵ عەلەوی سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کرابوو و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.