ئازادکرانی ئاکام خزرزادە و عوسمان دڵسۆز بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی کورد بە ناوی”عوسمان دڵسۆز”تەمەن٦٤ساڵ خەڵکی گوندی زێوکە و “ئاکام خزرزادە” تەمەن٢٦ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی کانی بداغ سەر بە شاری پیرانشار ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی تا کۆتا پرۆسەی دادگایەکەیان ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە سەڕ لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٤ پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “هەژار دڵسۆز” کوڕی عەلی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

جێگای ئاماژەیە ناوبراوان لە ماوەی دەستبەسەرکرانیان لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراون.