ئازادکرانی محەممەد مەحموودزادە بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە

خۆڕاگری: هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد،”محەممەد مەحموودزادە”تەمەن ٢٦ساڵ،خەڵکی بانە پاش زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتا پڕۆسەی دادگایەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لەگەڵ ٦هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “زانا مێهری”تەمەن٣٠ساڵ ، “جەعفەر زەریفی”تەمەن٢٩ساڵ ، ،ئەحمەد حوسێنپوور،

ئارام ساڵحپوور و ڕەحمان ساڵحپوور خەڵکی گوندی ساوان دانیشتووی شاری بانە،هادی مەحموودی و مەهدی نەورۆزی خەڵکی گوندی سێوچ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنە.

تا ئێستا پێنج کەس لەو هاووڵاتییانە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار محەممەد مەحموودزادە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو کە ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە.