گواستنەوەی چالاکێکی ژنی خەڵکی بۆکان لە بەندیخانەی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار

خۆڕاگری: ڕۆژی جومعە چالاکێکی ژنی خەڵکی بۆکان بە ناوی فریشتە حوسێنی کە لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ورمێ گوازرابووە بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە ڕۆژی ڕابردوو گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار فریشتە حوسێنی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی١٤٠١ی هەتاوی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپێچینەوەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرابووە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە.

فریشتە حوسێنی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

بە پێی ئەو زانیارییەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراوە.