ناجێگیربوونی دۆخی تەندرووستی وبێبەش کردنی ئیسماعیل محەممەدپوور لە مافی مەرەخەسی

خۆڕاگری: ئیسماعیل محەممەدپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە زیاتر لە ٦ مانگە لە بەندیخانەی شاری نەغدە بەند کراوە نەخۆشی دڵی هەیە و بای تەندرووستی ناجێگیرە.

شایانی باسە کە ناوبراو تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە و رێگری لێدەکرێ کە لە دەرەوەی بەندیخانە چارەسەری پزشکی بۆ بکری.ئیسماعیل محەممەدپوور کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی لە گەڵ چەند هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش کۆتای هاتنی لێپرسینەوەکانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.
شایانی باسە ئیسماعیل محەممەدپوور ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شەفیع محەممەدنژاد و خزر قادری ئازەر بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کران.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی لە دادگای شۆڕشی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر عەبدوڵلا ئاقایی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەر کام بە ٥ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.