مەرزییە مراد وەیسی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی چالاکی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان”مەرزیە مرادوەیسی” پاش بانگهێشت کرانی بۆ لقی جێبەجێ کرانی سزای کەیفەری شاری سنە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٥مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنان لە بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “عەتائوڵڵاڕەزا بابایی”،”قانع خاتری”، “عەلی ئەڵڵاوەیسی”،مێهدی سەیفی”،”سیروان عەبدوڵڵاهی”و”فەردین ڕەحیمی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کرابوون و پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوە چوونی دادگاکەیان ئازاد کران.

دواتر ئەو هاووڵاتییانە لە مانگی بانەمەڕی١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن لقی١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر”سەعیدی”بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەرکامیان بە ٢ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوون.

کە دوای تانە لێدانیانی لە بڕیاری دادگا ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی دادگای شۆڕشی سنە هەرکامیان بە ٥مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٤ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی ٤ساڵ کەم کرایەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە تا ئێستا دوو کەس لەو هاووڵاتییانە”مەرزیە مرادوەیسی”و”فەردین ڕەحیمی” ئەمڕۆ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سنە کراون.