ئازادکرانی بەندکراوی سیاسی عەلی عەزیززادە بە پێبەندی ئەلێکترۆنی لە بەندیخانەی بۆکان

خۆڕاگری: ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بەندکراوی سیاسی کورد، “عەلی عەزیززادە”تەمەن ٥١ساڵ خەڵکی گوندی”سەر چنار”ی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و دانیشتووی شاری بۆکان کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای ٢ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرابوو پاش تێپەراندنی ٨مانگ لە حوکمەکەی بە پێبەندی ئەلێکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی١٧ی ڕێبەندانی١٤٠٠ی هەتاوی بە مەبەستی تێپەراندنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان کرا.

عەلی عەزیززادە مانگی گەڵاوێژی١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە و پاش ١مانگ ڕاگیران و لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوە چوونی دادگایەکەی ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو هاووڵاتییە لە دادگای شۆڕشی شاری بۆکان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای ٣ساڵ بەندکرانی بەسەر دا سەپێندرا کە دوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا لەلایەن ئەو هاووڵاتییەوە لە دادگای پێداچوونەوە ئەو سزایە وەک خۆی پشتراست کرایەوە.

عەلی عەزیززادە لە بەندیخانە بۆ جاری دووهەم تانە لە بڕیاری دادگا دەدات کە لە دادگای پێدا چوونەوە سزاکەی بۆ ٢ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.