لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی پێشکەوتنی خیرای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیان دایە و بەشێکی زۆری وڵاتان لەو پێشکەوتنەدا، توانیوایانە بە باشترین شێوە بە قازانجی دابینکردنی خۆشبژیوی خەڵکی خۆیان کەڵک وەربگرن و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر لەڕووی ئەمنیەتییەوە بۆ خۆیان بونیاد بنێن، شتێک بە ناوی تاوانی سیاسی نییە. خۆ ئەگەریش لە هەندێ لەو وڵاتانەش تاوانی سیاسی مابێ و هەبێ، لە قانووندا پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ کراوە و سزاکەشی لەلایەن قانووندانەرەوە بەوردی دەستنیشان کراوە. بەڵام بەداخەوە ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنە مرۆییانە هەموو وڵاتانی دنیای نەگرتووەتەوە و ئێستاش هەن و زۆرن ئەو دەوڵەت و نیزامە سیاسییانەی کە نایانەوێ خۆیان لەگەڵ ئەو نەزم و بایەخە جیهانداگرە ڕێک بخەن. لەبەر ئەوەش کە ئەو جۆرە نیزامانە لە ڕێگای خەڵکەوە هەڵنەبژێردراون و ئیرادەی گشتی و متمانەی دەنگی خەڵکیان لەپشت نییە، هەربۆیە لە قامووسی دەسەڵاتداریی ئەو سیستمانەدا دەستەواژەی تاوانی سیاسیی بە بەربڵاوی بەرگوێ دەکەوێ و ئەو کەسانەی بە تاوانی سیاسییەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەتیەکانەوە دەستبەسەر دەکرین لە دادگاکاندا قورسترین سزایان بەسەردا دەسەپێندرێ. سزادانی بەندکراوان کە ئەکتیڤیسیتی سیاسین بە تاوانی سیاسی لە حاڵێک دایە کە ئەو کەسانە هەرچی کردوویانە و ئەوەی گوتوویانە و لەسەری سزا دەدرێن، بۆ قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسیی نەبووە؛ بەڵکوو لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لە هەموو بوارێکەوە بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نیزامی حاکم بەسەر ئێراندا دەکەوێتە دەستەی دووهەم لەو ڕیزبەندییە کە نەک هیچ پەرەسەندن و پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگە دەستەبەر نەکردووە، بگرە لە ماوەی زیاتر لە ٤٢ ساڵ لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا گرتن و ئەشکەنجە و حوکمدان و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی هەواڵی ڕۆژانە و مانشێتی مێدیاکانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات یەک لەو وڵاتانەیە کە سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕەهای بایەخەکانی مافی مرۆڤ و ئەو گوشارانەی بەسەر چالاکانی سیاسییدا دەیسەپینێ، لەلایەن شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕیپۆرتەری تایبەتیی بۆ دیاری کراوە. ڕۆژی دووشەممە، ٣ی خەزەڵوەر بوو کە جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری شوڕای مافی مرۆڤ لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تازەترین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی زیندانیانی سیاسی پێشکێش کرد. ئەو لە ڕاپۆرتەکەیدا هەر هەموو پێکهاتەی قەزایی دەزگای دادی رێژیمی بردە ژێر پرسیار و قامکی لەسەر ئەو خاڵە هەستیارە دانابوو کە لە کۆماری ئیسلامیدا و سەرەڕای زەبروزەنگی زۆر لەسەر چالاکانی سیاسی، دژبەرانی سیاسیی ڕێژیم یان ئەو کەسانەی بە تاوانی! ناڕەزایەتی لەدژی دەسەڵات دەگیرێن تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا و فەساد لەسەر عەرز و “بەغی”یان دەدرێتە پاڵ و بەو هۆیەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێ. ڕێپۆرتەری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤ بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەوەشی گوت کە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا لەبری لێپرسینەوە و سزادان پلەیان بەرز دەکرێتەوە و بەرپرسایەتیی هەستیاریان دەدرێتێ کە برایم ڕەئیسی، سەرکۆماری نوێی ئێران کە نازناوی قازیی ئێعدامی دراوەتێ، یەک لەوانە.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆیدا ڕێژیمێکی سەرکوتگەر و پێشێلکەری مافی هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵاتە، بەڵام بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتیی ڕێژیمەوە بۆ کوردستان چالاکانی سیاسیی کورد لەو “خۆشەویستی و مێهر و عتووفەتە ئیسلامی”یەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی پشکی شێریان بەردەکەوێ.
نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە ئێران بەگشتی و دەزگای دادوەری بە تایبەتی پەروەندەی هەموو ئەو تێکۆشەر و چالاکانەی بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ژێنگەپارێزی لە کوردستان بە تاوانی ئەمنییەتی! چاو لێ دەکەن و ڕوون و ئاشکراشە کەسێک بە تاوانی ئەمنییەتی دەستبەسەر کرابێ حوکمی قورسی بەسەردا دەسەپێندرێ. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا بە دانانی فەڕق و جیاوازییی زۆر زەق ئەو ڕەخنانەی لە شوێنێکی دیکەی دەرەوەی کوردستان لە دەسەڵات یان کاربەدەستێکی ڕێژیم دەگیرێ، بە ئەکتی سیاسی دادەنێ و وەک تاوانی سیاسی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا؛ بەڵام هەمان ڕەفتار و کردەوەی چالاکێکی سیاسیی کورد بە تاوانی ئەمنیەتی پێناسە دەکرێ و کەسی گۆرین بەرەوڕووی سزای قورس و تایبەت دەکرێتەوە.
بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان کەسی سیاسی لە کاتی دەستبەسەرکران و لە زیندان و لەبەردەمی دادگادا کۆمەڵێک مافی هەیە کە تاوانبارکراویکی ئەمنییەتی لەو مافانە بێبەشە. هەربۆیەشە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٣٨ ساڵ گوێی خۆیان لە پێناسەکردنی تاوانی سیاسیی ئاخنی. ئەویش لە کاتێکدا کە ئەسلی ١٦٨ی قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، باس لە چۆنیەتیی پێڕاگەیشتن و دادگاییکردنی تاوانباری سیاسی دەکا: “پێڕاگەیشتن بە تاوانی سیاسی و چاپەمەنی و ڕاگەیەنەگشتییەکان دەبێ بەشێوەی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی هەیئەتی مونسیفە لە دادگاکاندا بەڕێوە دەچێ. شێوەی هەڵبژاردن و مەرج و سەڵاحییەتی هەیئەتی مونسیفە پێناسەی تاوانی سیاسی، قانوون بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئیسلامی دەستنیشانی دەکا.”
بەدەر لەوە کە ئەو ئەسڵە لە قانوونی بنەرەتیی ئێراندا خاڵی بەهێز و لاوازی چییە، ئەوەی دەبێ بگوترێ ئەمەیە کە لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەسڵە قانوونییە کراوە. هەروەها دەبینین کە لە هیچ دادگایەکی تۆمەتبارکراوانی سیاسیدا نەک هەیئەتی مونسیفەیەک نەبووە، بەڵکوو قازی پەروەندە حوکمی لەپێشدا دیاریکراوی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بەسەر تۆمەتباردا سەپاندووە. لە نیزامی دادی کۆماری ئیسلامیدا هیچ تاوانبارکراوێک دەستی بە پارێزەر ڕاناگا و ئەگەر دەستیان بە پارێزەریش راگەیشتبێ، دادوەری لێکۆڵینەوە، یا قازیی پەروەندە بە بیانووی جۆراوجۆر ئیزن نادەن پارێزەر دەستی بە نێوەرۆک و هەموو وردەکاریی پەروەندەکە ڕابگا. تەنانەت کەم نین ئەو پارێزەرانەش کە لە سۆنگەی بەدواداچوون و پێداگرییان لەسەر مافی بریگرتەکانیان دەسبەسەر و زیندانی کراون و لە پەروەندەکە دوور خراونەتەوە.
بەپێی ماددەکانی ١٨ هەتا ٢٢ی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، هەموو ئینسانێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە بیر بکاتەوە و بۆچوونەکانی خۆی دەرببرێ و بانگەشەشی بۆ بکا. هەروەها مرۆڤەکان لە هەڵبژاردنی دین و مەزهەبدا ئازادن و مافی ئەوەیان هەیە بۆ بەشداری لە بەڕێوەبەری و ئیدارەدانی وڵاتدا ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ئازادانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و مافی بێ ئەملاوئەولای هەر هاووڵاتییەکە ئەمنییەت و ئاسایشی لەلایەن دەوڵەتەوە پارێزراو بێ. ئێران کە لە ١٠ی دیسامبر ١٩٤٨یەکێک لەو ٤٨ وڵاتە بووە دەنگی بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ داوە، بەپێی هەموو ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان نیزامی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە دەبوایە پابەندی ئەو بەڵین و ئیمزایە بن کە دواتر لە چەند کۆنڤانسیۆنی دیکەشدا رەگەڵی کەوتوون. بەڵام بەکردەوە یان خۆی لە نێوەرۆکی ئەو پەسندکراوانە دزیوەتەوە، یان بەزەقی و بەئاشکرا پێشێلی کردوون.
پوختەی مەبەست:
زیندانیی سیاسی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا خاوەنی کەمترین ماف نییە و لە دادگاکاندا وەک تاوانبارێک کە زیانی گەورە و قەرەبوونەکراوی بە کۆمەڵگەی خۆی گەیاندبێ، چاوی لێ دەکرێ و سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێ. ئەمە سیاسەتی نیزامی دەسەڵاتدارە، بەڵام ئەوە ئەرکی کۆمەڵگە و بەگشتی ڕووناکبیر و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کۆمەڵگەیە کە خاوەندارەتیی لە پرسی بەندکراوانی سیاسی و ئەو مرۆڤە لەخۆبووردووانە بکەن کە ژیانیان لەپێناو پرسەکانی کۆمەڵ داناوە. زیندانیی سیاسی خۆی و بنەماڵەکەی نابێ لەبیر بکرێ، دەبێ بەردەوام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت بەندکراوانی سیاسی لەقاو بدرێ و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی بەندکراوانی سیاسی و هەوڵدان بۆ پێڕاگەیشتن بە بنەماڵەکانیان بەردەوام بێ.
بەداخەوە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا ئەگەر لەلایەک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک دەنگی ئازادیخوازی و مافویستیی لە کۆمەڵگەی کوردستانی سەرکوت کردووە، کۆمەڵگە ئێران لە ئاستی گشتیی خۆیدا هەتا ڕادەیەکی زۆر لە بەرامبەر ئەو زوڵم و غەدرەی لە چالاکی سیاسیی کورد دەکرێ بێدەنگ بووە، ئەو بێدەنگبوونەش وای کردووە کە دەستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ سەرکوت لە کوردستان ئاوەڵا بێ. بۆ ئەمە نموونە زۆرن کە سەرەڕای ئەوەی گرتن و حوکمدانەکان لە کوردستان بەپێی حەشیمەت لە کوردستان چەندقاتی ناوچەکانی ئێرانن، بەڵام زیندانیی سیاسیی کورد پشتگوێخراو و لەبیرکراوترینیشە. تەنانەت مێدیای ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیش بەشێکە لەو کڕوماتییەی بەسەر کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستاندا سەپاندوویانە و زۆرجار ئەم ڕەخنە قورسەیان دێتەوە سەر کە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی نەتەوەکان و ئەکتی سیاسی بەتایبەت لە کوردستاندا، ڕوانگە و ڕەفتاری بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆن و مێدیاکانیان لەگەڵ نیزامی سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتدا هاوتەریبی یەکتر دەچێتە پێش.
ئەم دۆخە تڕاژیدیکە وا دەخوازێ کە تاک بە تاکی کورد، کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بە هەموو توانا و ئەرکوەخۆگریی خۆیانەوە لە بەرانبەر زیندانیانی سیاسیدا هەست بە بەرپرسایەتی بکەن و ڕۆڵە بوێر و بەهەڵوێستەکانی خۆیان کە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییان کردۆتە سەنگەری خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەکەیان، بەخاوەن بکەن.