ڕه‌حمان سه‌لیمی (له په‌ڕاوێزی دادگاییكردنی حه‌میدی نووری‌دا) دادگاییكردنی حه‌میدی نووری، جێگری داواكاری گشتیی زیندانی گه‌وهه‌رده‌شتی كه‌ره‌ج دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ له ده‌سبه‌سه‌ركرانی، لە ڕۆژی سێشه‌ممه ۱۹ی گهلاوێژەوە له شاری ستۆكهۆڵمی پێته‌ختی سۆئێد ده‌ستی پێ كردووە و تا ئیستا زیاتر لە ١٠ کۆبوونەوەی بەڕێوە چووە. ناوبراو كه تۆمه‌تباره به به‌شداریكردن له ئێعدامی هه‌زاران زیندانی سیاسی له مانگه‌كانی گه‌لاوێژ و خه‌رمانانی ۱۳۶۷، له‌لایه‌ن داواكاری گشتیی دادگای ستۆكهۆڵمەوە تۆمه‌تبار كراوه به تاوانه‌كانی پێشێلكردنی گه‌وره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی (واته تاوانی جه‌نگ) و کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و هه‌روه‌ها ئەشكهنجهی زیندانیانی سیاسی.خاتوو كریستینا كارلسۆن، داواكاری گشتیی ستۆكهۆڵم به دادگای ڕاگه‌یاندووە كه تۆمه‌تبار به‌شداری كردووه له ده‌ركردنی حوكمی ئێعدام، هێنانی زیندانییه‌كان بۆ ژووری ئێعدام و یارمهتیكردنی داواكارانی گشتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ناوی زیندانیان و هه‌روه‌ها ڕاگرتنی زیندانییه‌كان له كۆریدۆری مه‌رگ. هه‌روه‌ها داواكاریی گشتیی ستۆكهۆڵم له ده‌قی تۆمه‌تباركردنی ناوبراودا ئاماژه‌ی به فیتوای خومه‌ینی بۆ له‌نێوبردنی دژبه‌رانی شۆڕشی ئیسلامی له زیندانه‌كان كردووە و ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه دوابه‌دوای ئه‌و فیتوایه هه‌یئه‌تێك كه به هه‌یئه‌تی مه‌رگ ناسراوه له لایه‌ن خومهینییهوه پێكهاتووه كه ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی، سه‌ركۆماری ئێستای ئێران تێیدا ئه‌ندام بووه و دوای دادگاییه‌كی چه‌ند خوله‌كیی زیندانییه‌كان، حوكمی ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و جێبه‌جێ كراوه.داواكای گشتیی په‌روه‌نده‌كه ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی ئه‌ندام و لایه‌نگری موجاهیدینی خه‌ڵقی له ئێعدامكراوانی چه‌پی نێو زیندانه‌كان جیا كردۆته‌وه و به‌جیا تۆمه‌تی ئاراسته‌ی حه‌میدی نووری له ئێعدامی ئه‌و دوو گرووپه له زیندانییه‌كان كردووه.داواكاری گشتیی ستۆكهۆڵم ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی ئێران و عێڕاق شاخه‌ی سه‌ربازیی سازمانی موجاهیدینی خه‌ڵك به یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی عێڕاق و له‌نێو خاكی عێڕاقه‌وه هێرشیان كردۆته سه‌ر ئێران و هه‌ربۆیه ئه‌وه جه‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تییه كه به‌پێی كۆنڤانسیۆنهكانی ۱۹۴۹ی ژێنێف، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌و جه‌نگه و ئێعدامی زیندانییان هه‌یه و به‌و پێیه زیندانیانی لایه‌نگر و ئه‌ندامی رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵك وه‌ك ئه‌سیری جه‌نگی هه‌ژمار ده‌كرێن و ئێعدامی ناقانوونیی ئه‌و زیندانییانه پێشێلی ئاشكرای مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه كه ئه‌ركه له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتان وه‌ك یه‌ك له پڕه‌نسیپه چه‌سپاوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕێزی لێ بگرن. هه‌روه‌ها داواكاری گشتی بۆ ده‌ربازنه‌بوونی تۆمه‌تبار له تاوانه‌كانی، ده‌ڵێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك جه‌نگی نێوان لایه‌نێكی ناده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌ت بڕوانینه ئه‌و جه‌نگه (واته به جه‌نگێكی ناده‌وڵه‌تیی بژمێرین) به‌پێی پڕۆتۆكۆله زیادكراوه‌كانی كۆنڤانسیۆنهكانی ژنێف، ئه‌و ئێعدامانه دیسان هه‌ر به تاوانی جه‌نگ ئه‌ژمار ده‌كرێن و بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی به‌رپرس ده‌بن. له لایه‌كی تره‌وه داواكاری گشتی ڕه‌فتاری حه‌مید نووری له‌گه‌ڵ زیندانییانی ئێعدامكراو وه‌ك دیاریكردن و بردنیانی بۆ لای هه‌یئه‌تی مه‌رگ و ڕاگرتنیان له چاوه‌ڕوانیی ئێعدام له كۆریدۆره‌كانی مه‌رگدا به ئەشكنجه دادەنێ و ئه‌وه‌ش به تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی ناو دەبا.داواكاری گشتی سه‌باره‌ت به ئێعدامكراوانی چه‌پ ده‌ڵێ هه‌رچه‌ند ناتوانرێ زیندانییانی چه‌پ وه‌ك ئه‌سیری جه‌نگ دابنرێن، به‌ڵام ئێعدامی ناقانوونی و له ده‌ره‌وه‌ی یاسای ئه‌و زیندانییانه به‌شێوه‌ی به‌كۆمه‌ڵ، به تاوانی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست داده‌نرێ و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵیان به ئەشكنجه ئه‌ژمار ده‌كرێ و ئه‌وه‌ش به وته‌ی داواكاری گشتی پێشێلی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه و ئه‌نجامده‌رانی لێی به‌رپرسن و ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه و سزا بدرێن. ئه‌وه بۆ یه‌كه‌م جاره ئه‌نجامده‌رانی تاوانی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ۶۷ له دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا دادگایی ده‌كرێن. ئه‌و ڕووداوه مێژووییه باس و خواسێكی زۆری له‌نێو میدیاكان و به‌گشتی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی لێ كه‌وتۆته‌وه. به سه‌رنجدان به‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی بڕیارده‌ر و ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانه‌ن و هه‌روه‌ها به سه‌رنجدان به‌وه‌ی بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه نكۆڵی له تاوانه‌كه‌یان ناكه‌ن و ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی سه‌ركۆماری ئێستای ئێران وه‌ك یه‌ك له ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی مه‌رگ به‌رگری له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ی ده‌كا و نه‌ته‌نیا خۆی به شایسته‌ی سه‌رزه‌نش له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه نازانێ، به‌ڵكو ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و ئێعدامانه سپاسی بكرێ كه له لایه‌ك فه‌رمانه‌كانی ئیمامی (خومه‌ینی) جێبه‌جێ كردووه و، له لایه‌كی تره‌وه به ئامانجی پاراستنی ته‌ناهیی وڵات ئه‌نجامی داون، ئه‌و دادگاییه له جۆری خۆیدا بێوێنه‌یه و مزگێنیی به‌دواداچوونێكی عادڵانه بۆ تاوانه بێئهژمارهكانی به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی له دادگاكانی وڵاتانی ئازاد و دیمۆكڕاتیك ده‌دا. هه‌ربۆیه به‌ده‌ر له‌وه‌ی چه‌نده ده‌زگای دادوه‌ریی سۆئێد له‌و په‌روه‌نده‌یه‌دا ده‌چێته پێش و عه‌داڵه‌ت به‌دی دێنێ و ئه‌وه‌ی ئایا ده‌وڵه‌تی سۆئێد تا چه‌ند ئاماده‌یه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه بخاته مه‌ترسییه‌وه، خودی ده‌سبه‌سه‌ر كردنی تۆمه‌تبار و ده‌ستپێكردنی دادگاییه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕای گشتی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی كۆماری ئیسلامی، گرینگییه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه. گه‌لی كورد وه‌ك قوربانیی پله‌یه‌كی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی، ساتوسه‌ودای “كورت واڵدهایم”ی كۆنه فاشیستی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی وڵاتی ئوتریش له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی تیرۆری دوكتور قاسملوو له‌یاد ناكا و به دادخوازیی ئه‌و كه‌یسه له سێبه‌ری پڕه‌نسیپی سه‌ڵاحیه‌تی دادوه‌ریی جیهانیدا له‌یه‌ك له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا هیواداره. له‌ڕاستیدا دادگایی حه‌میدی نووری ته‌نیا دادگاییكردنی تاوانبارێك نییه به‌ڵكوو دادگایی زیاتر له چوار ده‌یه تاوان و جینایه‌تی باڵاترین به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامییه دژی ئازادیخوازانی ئێران.به‌پێی یاساكانی وڵاتی سۆئێد كه له به‌شێكی به‌رچاو له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا دانیان پێدا نراوه، به پشتبه‌ستن به پڕه‌نسیپێكی نوێ به ناوی سه‌ڵاحییه‌تی دادوه‌ریی جیهانی، ئه‌گه‌ر تاوانێك كه ویژدانی مرۆڤایه‌تی بریندار ده‌كا و له هه‌ر وڵاتێك و له لایه‌ن هه‌ر كه‌سێك و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی مه‌ترسیداربوونی بۆ وڵاتی خانه‌خوێ ئه‌نجام بدرێ، ئه‌وا ده‌زگای دادوه‌ریی ئه‌و وڵاتانه مافی به‌دواداچوون و دادگایی كردن و سزادانی تاوانبارانی ئه‌و چه‌شنه تاوانانه‌یان هه‌یه. ئه‌و پڕه‌نسیپه پێشكه‌وتوویه بۆ گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی تاوانی ڕێكخراو و مه‌ترسیداریان دژ ئه‌نجام دراوه، ده‌رفه‌تێكی زێڕینه. دادگاییكردنی حه‌میدی نووری دوای دادگای به‌ناوبانگی میكۆنووس به گرینگ‌ترین و ئازایانه‌ترین دادگایی تاوانبارێكی نێو سیسته‌می كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ داده‌نرێ.دادگاییكردنی حه‌مید نووری وه‌ك سه‌ره‌تای به‌رپرسیاركردنی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه جۆراوجۆره‌كانی كۆماری ئیسلامی دژ به گه‌لانی ئێران و نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی، ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران و گه‌لی كورد وه‌ك یه‌كێك له قوربانییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و پێشێلكارییه مرۆییه مه‌ترسیدارانه‌ی له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی‌دا ده‌رحه‌قی ئه‌نجام دراون، ئاوه‌ڵا ده‌كا تا بتوانێ له چوارچێوه‌ی گوتاری مافی مرۆڤدا به‌رگری له مافه‌كانی بكا. له هه‌مان كاتدا به‌رپرسیاره‌تییه‌ك به‌ره‌وڕووی ئازادیخوازان و قوربانییانی ئه‌و تاوانانه دروست ده‌كا كه به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و دۆكیۆمێنتی تاوانه بێژمارهكانی كۆماری ئیسلامی، تاوانباران ڕووبه‌ڕووی عه‌داڵه‌ت بكه‌نه‌وه. به تایبه‌ت كه له ئێستادا یه‌ك له به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌ره‌كیی تاوانی ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ۶۷ له دوایین به‌ناو هه‌ڵبژاردندا وه‌ك سه‌ركۆماری ئێران ده‌ستنیشان كراوه، ئه‌ركی لایه‌نه ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازه‌كانی ئێرانه كه فشار بخه‌نه سه‌ر ڕای گشتیی وڵاتانی ئازاد و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌وڵه‌تان هان بده‌ن بۆ ڕه‌چاوكردنی سیاسه‌تی هاوچه‌شنی ده‌زگای دادوه‌ریی سۆئێد سه‌باره‌ت به تاوانباران و هه‌روه‌ها تهحریمكردنی سه‌ركۆماری ئێران. ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320 فەیسبووك: https://www.facebook.com/anjumanizindanian تلگڕام:@xoragre ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners