شەهیدکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە مشهەد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم

خۆڕاگری: لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانبار لەلایەن ڕێژیمەوە، هاووڵاتییەکی کوردی نیشتەجێی شاری مشهەد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم شەهید کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی (٩ی جانیوەری ٢٠٢٦)، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “مورتەزا ڕەهنەما تۆپکانلو”، تەمەن ٣٧ ساڵان و نیشتەجێی شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی قەناس بەدەستێکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پێکرا و گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، ناوبراو کە پیشەی دانەری ئەسانسۆر بووە، لە ڕۆژانی ناڕەزایەتییەکاندا هاوکاریی بریندارانی کردووە و چەندین کەسی لە شوێنی تێکهەڵچوونەکان ڕزگار کردووە و هەروەها لەو کاتەی کە سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارێک بووە، لەلایەن قەناس بەدەستێکی ڕێژیمی ئێرانەوە لەسەر سەربانی یەکێک لە بنکەکانی بەسیج کراوەتە ئامانج.

تەرمی مورتەزا ڕەهنەما ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار لە گۆڕستانی “بەهەشتی ڕەزا”ـی مشهەد ناسراوەتەوە و لەژێر ڕێکاری توندی ئەمنیدا و لە شوێنێکی دوور لە شار بە خاک سپێردراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*