شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان و ئێران

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و پیشەیی، چەندین هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان، کەرەج و بۆجنورد دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خان‌عەزیز ئیسماعیلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی شاباد و دەسبەسەریان کردووە و دەست بەسەر مۆبایلی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەشیدا گیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش “عەبدوڵڵا ڕەزایی”، چالاکوانی دیکەی ئەو شارە، بۆ ماوەی مانگێک دەسبەسەر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاباد بە ناوەکانی کامیار ڕەشیدی و مەیسەم چابک، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها دۆخی ئەسغەر ڕەجەبی و بێهزاد ئازەرەخش، کە هەردوکیان خەڵکی بۆجنووردن و لە مانگی بەفرانباری ڕابردووەوە دەسبەسەرن، بە نادیاری ماوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، ئەو دەسبەسەرکراوانە لە ماوەی شەش حەفتەی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و تائێستا هیچ تۆمەتێکی فەرمیشیان ئاڕاستە نەکراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*