دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە

خۆڕاگری: لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی، ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عەلیڕەزا نەزەری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی “ئاسمان‌ئاوا”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

محەمەد‌جەواد زینی‌وەند، مێرمنداڵی تەمەن ١٤ ساڵانی خەڵکی دێلوڕان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و رفێندراوە بۆ گرتگەیەکی ڕێژیم لە ئیلام و تائێستا چارەنووسی دیار نییە و هەروەها محەمەد پیری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی  خەڵکی دێلوڕان، ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندان لەلایەن چەکدارانی خامنەییەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

هەر لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا لە سنووری پارێزگای ئیلام، ئەدیب نەزەری، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا بێسەروشوێنە و هەر لەو پارێزگایە ڕۆحوڵڵا شێخی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی موورمووری، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار، لەلایەن ناوەندە سەرکوتەکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

گوشارەکان تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە، بەڵکوو لە شاری بۆجنوردی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی یوسف کەریمیان و حەمید ئەحمەدزادە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم کەسانە کراون لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*