خۆڕاگری: قادر خەرامانفەر، چالاکوانی سیاسیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد پاش یەکساڵ ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) قادر خەرمانفەر، چالاکوانی سیاسی و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەهاباد کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کراوە، پاش یەکساڵ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی و قورس بە بڕی ٤ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهەباد ئازاد کراوە.
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی یەکەمی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژم تۆمەتبار کراوە و هەروەها لەو ماوەیەی کە دەسبەسەر بووە تووشی چەند نەخۆشییەک بووە و مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزاری پزیشکی نەبووە.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردامی ئەمساڵ، بە پێبەند و دەسبەند بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر پزیشکی پسپۆڕ بینیویەتی و پزیشک وتوویەتی دەبێ لەژێر چاوەدێریدا بمێنێتەوە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە بەبێ گوێدان بە دخی تەندروستیی گەڕاندوویاننەتەوە بۆ بەندیخانە و هەروەها ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و دوای دوو مانگ لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد.
