خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی فریشتە کشاوەرزی، عەلیڕەزا ئەمجەدیان، سەعید کەهراری و سیروس خەزانی، کە لە مانگی بەفرانباردا لەلایەن ڕێژیمەوە کوژراون، ناسنامەی ئاشكرا بووە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕایگەیاند: تائێستاش ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار هەر هەڵدەکشێ و تازە ناسنامەی چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا بووە کە ماڵپەرێ خۆڕاگری بەم شێوەیە دەیخاتە ڕوو:
فریشتە کشاوەرزی، ژنێکی تەمەن ۲۹ ساڵانی خەڵکی هەرسینی کرماشان و دانیشتووی تاران بووە، لە ڕێکەوتی ۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی، لە ناوچەی “مارلیک”ـی کەرەج، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی چەکدارانی ڕێژیم بە سەری، گیانی لەدەستداوە.
عەلیڕەزا ئەمجەدیان، لاوی تەمەن ۱۹ ساڵانی خەڵکی سونقوڕی کرماشان و دانیشتووی تاران بووە، لە ڕێکەوتی ۱٨ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی، لە ناوچەی “مەلارد”ـی پارێزگای تاران، بە تەقەی سێ فیشەکی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست داوە.
سەعید کەهراری، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵانی خەڵکی کرماشان بووە، لە ڕێکەوتی ۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تاراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستداوە.
سیروس خەزانی، چالاکوانی سیاسی و خەڵکی گوندی “تا”ـی سەر بە شاری کامێران، ڕۆژی شەممە ۲٥ی ڕێبەندانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، لە شاری سنە کراوەتە ئامانجی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و بەو هۆیەوە گیانی سپاردووە.

Be the first to comment