خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ” فارۆق نەدیمی، محەممەد ئیسماعیلی و عەلی بەبری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٠٤ی هەتاوی ” ١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: بێسەروشوێنبوونی فارۆق نەدیمی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کامیاران، ماوەی دە ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستا نییە.
محەممەد ئیسماعیلی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەریوان پاش چەندین حەفتە لە بێسەروشوێنبوونی، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ خوشکەکەی ڕایگەیاندووە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، تا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر بارودۆخی جەستەیی، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیان و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی ئەسفەرایەن بە ناوی عەلی بەبری، لە ڕێکەوتی ٢٢ی دەی ١٤٠٤ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی باوکی، دەسبەسەر کراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی وەک بینینی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لەژێر ئەشکەنجەی تونددایە بۆ ئەوەی ناچاری بکەن دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی واژۆ بکات.

Be the first to comment