خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی “جەلال خدیریپوور، سەباح ساڵحی، ئێحسان بەشیری، محەممەد خادەمی و هەژار ئیبراهیمی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکیان ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” جەلال خدیریپوور، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ئیتلاعات لە ورمێ.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، سەباح ساڵحی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە لە بەردەم شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەری، بەشێوەیەکی دڕەندانە ە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە و هەروەها لە شاری قوروەش لە هەمانڕۆژدا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئێحسان بەشیری و محەممەد خادەمی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندان، هەژار ئیبراهیمی هاووڵاتیی خەڵكی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، ئەو هاووڵاتییانەی کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن ڕژیمەوە دەسبەسەر کراون، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment