خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و پەرەسەندنی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد دوای خۆپیشاندانە گشتییەکان، زانیارییەکان باس لە دەسبەسەرکردنی ١١ هاووڵاتیی دیکە دەکەن کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ماوەی نێوان ٩ تا ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٩ی جانیوەری تا ١١ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی)، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای ئیلام و ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، ١١ هاووڵاتییان بە ناوەکانی: یوسف ئازادخانی، حەسەن محەممەدی، نەبی زەمانی، عەبدوولساحب جەعفەرزادە، ئەمین ناسری، یوسف ناسری، مێهدی نامیزادە، عەلی نامیزادە، خەلیل ئیسماعیلی، دکتۆر ڕەزا خاسی و سارا کاوەندی دەسبەسەر کردووە.
زانیارییەکانی خۆڕاگری باس لەوە دەکەن کە هەر لەو ماوەیەدا (٩ تا ٢٢ی ڕێبەندان)، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی خەڵکی شارە جیاوازەکانی پارێزگای ئیلام لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە ئەم شەپۆلە نوێیەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کاتێکدایە کە هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەکانیان و ناوەندە مافی مرۆییەکان دروست کردووە.
جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە و دۆخی تەندروستییان بڵاو نەکردووەتەوە و هەر لەوبارەیەوە هیچ وڵامێکیشیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.

Be the first to comment