خۆڕاگری: لە درێژەی بەدواداچوونەکان بۆ ناسنامەی قوربانیانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارەکانی تاران، کەرەج و مەلارد پشتڕاست کرایەوە.
یەکشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا کراوە کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە و ناوەکان بەم شێوەیەن: ئەمیر سادقی (تاران)؛ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆجنوورد و دەرچووی ماستەری ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی پیشەسازیی شەریف، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللـەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کرا.
عادل تەهماسبی (کەرەج)؛ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی “بۆربۆر”ی سەر بە بۆجنوورد و دانیشتووی کەرەج، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکی مارلیکی کەرەج، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللـەی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی بەخت کرد.
تەیبە کووروەندی (مەلارد)؛ ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵانی کوردی خەڵکی ئەسەداوای هەمەدان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە ناوچەی “سێڕێی مارلیک”ی سەرئاسیاب لە شارستانی مەلارد، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کرا و هەروەها بەکارهێنانی گوللـەی جەنگی بۆ سەر ناوچە هەستیارەکانی جەستەی ئەو هاووڵاتیانە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە مەبەستی کوشتن و قەتڵکردنی خۆپیشاندەران چەکیان بەکار هێناوە.

Be the first to comment