خۆڕاگری: لە درێژەی گوشار و دەسبەسەرکردنەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، چارەنووسی چەندین هاووڵاتیی کورد کە لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، بە نادیاری ماوەتەوە.
یەکشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە درێژەی بە دوداچوون و گەڕانەکانی خۆی بۆ ئاماری دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، ناسنامەی ژمارەیەک هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی دیکەی خستە ڕوو کە بەم شێوەیە تۆمار کراون: یاسین فەتحی، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان ماوەی مانگێکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەهمەن نادری بەندکراوی سیاسی پێشوو، لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی جەعفەراوای کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیفارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان، ڕاشد ئەڵڵابەخشی، هاووڵاتیی خەڵكی کامێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەتبەسەر کراوە و تائێستا هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی دیار نییە.
لەلایەکی دیکەوە عارف خانزادە، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی بۆجنوورد ماوەی یەکمانگە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائیستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و هەروەها عەلی ئاغامحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی هەلیلانی پارێزگای ئیلام و دانیشتووی شاری ڕەی، لە ٢٥ی بەفرانبارەوە لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
لە کرماشان و ئیلام، شهاب نادری، خەڵکی گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێنە و قاسم پۆرهێممەت، هاووڵاتیی خەڵکی سیروان سەربە پارێزگای ئیلام، ماوەی ٢٨ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عەلی ڕیاحی، خەسرەو میهرجوو و جەلال خدیرپوور، سێ هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا بێسەروشوێنن و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ جۆرە زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بە تۆمەتی ئەو کەسانە و شوێنی ڕاگرتنیان بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیاندووە.

Be the first to comment