شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردن لە شارەکانی کوردستان؛ دۆخی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان نادیارە

خۆڕاگری: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شارە جیاجیاکانی کوردستانی گرتۆتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٥ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دەزگای سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە پارێزگای ئیلام، بێهرووز یاسرە، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە، بەتۆمەتی پشتگیریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەسبەسەر کرا و هاوکات میدیاکانی سەربە ڕێژیم ڤیدیۆیەکی “دانپێدانانی زۆرەملێ”یان لێ بڵاوکردەوە.

هەر لەو پارێزگایە، مێهدی کەسایی لاوی تەمەن ١٩ساڵان و فەرشاد ئایینی خەڵکی دێلوڕان، لەلایەن هێزە سەروکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ئایدا کوشکی، خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیزی خەڵکی شاباد، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

زانیارییەکانی خۆڕاگری لەسەر ئازار و ئەشکەنجەدانی دەسبەسەرکراون ئاماژە بە دۆخی نالەباری سەعید پیری، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان دەکات کە ماوەی ٢٧ ڕۆژە دەسبەسەرە و لە کاتی لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بووەتەوە و لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش بێبەش کراوە و هەروەها نیگەرانییەکان لەسەر ژیانی موسلیم سەیدی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان ڕوو لە زیادبوونە و دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێ کە تێیدا کەسێک گومانی لێ دەکرێت “سەیدی” بێت و بنەماڵەکەی ترسی ئەوەیان هەیە سزایەکی قورسی وەک “سێدارە”ی بەسەردا بسەپێنرێت.

لە درێژەی ئەو شەپۆلە دەسبەسەرکردنانەدا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵانی بە ناوی کەسرا قادربەیگی لە ئاسمان‌ئاوای سەربە پارێزگای ئیلام و هەروەها مێهدی قادری لە شاری سنە دەسبەسەر کراون و لە شاری مەهابادیش، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شاهرۆخ ئەمین‌پوور لە گوندی “گردی یەعقووب” و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دەسبەسەریان کردووە.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کراوە لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای بنەماڵە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*