خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لە دەست داوە، ناسنامەکەیان ئاشکرا بووە.
ڕۆژی چوراشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ئەنجامی گرژی و ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، چوار هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و هەرسین، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەستداوە و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی هەشتگرد بە ناوی سەجاد بابائەفشاری کە پەیڕەوی ئایینی یارسان لە شەقامی قەزوینی ئەو شارە بە گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە گیانیان لە دەست داوە.
هەر لە هەمان ڕۆژدا و لە شاری کەرەج، هاووڵاتییەکی خەڵكی کرماشان بە ناوی میلاد باخفەلەکی، لە “فەلەکەی پێنجەمی فەردیس”ـی تاران کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، هاووڵاتییەک بە ناوی حەسەن سابت، خەڵکی گوندی “قەیسوەند”ی سەر بە شاری هەرسین، لە گەڕەکی شەهریاری تاران بە گولـلە ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی هەرسین بە ناوی موسەیب شوکری، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تاراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

Be the first to comment