خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتیانی کورد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتی لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور، ئیلام و سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە شاری “بوژنۆرد”ـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مێهدی پاکمێهر، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و حوسێن جەعفەری، پاڵەوانی وەرزشی جودۆ، ماوەیەکە دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراون و سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی مێهدی پاکمێهر و مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنی حوسێن جەعفەریدا، دۆسییەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە و بەبێ ئەوەی دادگایییەکی دادپەروەرانەیان بۆ ئەنجام بدرێت، لە دۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانە ڕاگیراوان.
هاوکات لە پارێزگای ئیلام، گوشارەکانی ڕێژیم بەردەوامن؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دەڕەشار بە ناوی مێهرداد حەسەنوەند، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەروەها لە شاری دێلوڕان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی حەمید چراغی بە هەمان شێوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ئەرسەلان دیوارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە، دوای ئەوەی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕێژم بانگ کراوە، هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
شایانی باسە کە، زۆرجار ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی یاسایی و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان، هاووڵاتییانی کورد دەسبەسەر دەکەن و لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش دەکرێن.

Be the first to comment