بەردەوامی سەرکوت و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و هاووڵاتی لە شارەکانی سنە، ئیلام، کرماشان و تاران لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، لە درێژەی سەرکوت و گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام، بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گەڕەکی هانیوان، کە زیاتر لە ٢٠ چەکدار تێیدا بەشدار بوون، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ساسان پاکرەوان و ئێحسان پاکرەوان دەسبەسەر کران.

هاوکات لە شاری سنە، هەریەک لە سۆهراب جەلالی و سۆهراب بەهرامی، کە دوو چالاکی مەدەنیی ناسراوی ئەو شارەن، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چارەنووسی بەشێک لە دەسبەسەرکراوانی پێشووتر هێشتا نادیارە.

فریشتە مەنسووری‌نیا، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەرابڵەی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان  لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار دەسبەسەر کرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەروەها لە چەند ڕووداوێکی دیکەدا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندان، موجتەبا حاجیان خەڵکی ئاودانان، لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی هابیل بەوگ محەممەدی خەڵکی چەوار و ئارش نەسیری خەڵکی سەرابڵە، دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەرەبەیانی ١ی ڕێبەندان ئەمساڵ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم سەلمان بەسیرەت، خەڵکی گوندی “قەرەسەقەل”ـی سەربە شاری شنۆیان دەسبەسەر کرد و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و زۆربەی ئەم دەسبەسەرکردنانە بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکان ئەنجام دراون و تا ئێستا دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی مانەوەی ئەو هاووڵاتییانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*