دەسبەسەرکردنی ١٠هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دە هاووڵاتیی خەڵكی شارەکانی جوانڕۆ، کامێران، قوڕوە، ئاودانان، بەدرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون وچارەنووسیان ناڕوونە.

 ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٥ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە شارەکانی جوانڕۆ، کامێران، قوڕوە، ئاودانان، بەدرە و تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و زۆربەی ئەم هاووڵاتییانە بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە و لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون.

ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری جوانڕۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی کامەران مورادی، ماهان ئەعزەمی و ئەدیب ساڵخوردە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی  ڕێژیم لە کرماشان و تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، دوو برای خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی زاهید خالیدیان و واحید خالیدیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

سەبارەت بە دەسبەسەرکراوانی خەڵکی ئاودانان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕەزا مینایی، خەڵکی گوندی “ئاو ئەنار” و ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، “عەباس جەمشیدی”، خەڵکی گوندی “ئەنجیرە”ـی سەر بەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە و هەروەها لە شاری کامێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی ساڵح قادرپوور، خەڵکی ناوچەی موچێش، لەلایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و رفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و هاوکات لە شاری بەدرەش، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی دانش پەژوو دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

لە دۆسیەیەکی دیکەدا و پەیوەست بە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سینا کیانی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی کرماشان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە کە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرابوو.

شایانی باسە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاووڵاتییانە کراون لەبەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردۆتەوە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*