خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بۆکان سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەر سمکۆ یوسفی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵكی ئەو شارەدا سەپاندووە.
ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەرێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، سمکۆ یوسفی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی شاری بۆکان دوای بانگکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییەکەی، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر ناوبراو بەردەوامە و لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرابوو و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کرابو و هەروەها لەلایەکی دیکەوە، پێشتر و لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە شێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرابوو و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment