خۆڕاگری: هەشت هاوڵاتیی خەڵكی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر دەسبەسەرکردنی هەشت هاووڵاتیی کورد، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لانیکەم هەشت هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار کە لەنێویاندا مێردمنداڵ و برینداربوونیش هەیە.
یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوی “میلاد ئەتمانی”، خەڵکی شاری سەڵماسە، ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی و لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران، کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە سەختی بریندار بووە و سەرەڕای برینداربوونی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەریان کردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
هاوکات لە شاری دێولان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “پووریا عەلیزادە” و “ڕەسووڵ فەتحی” کە مێرمنداڵی تەمەنی ١٣ ساڵانە، زیاتر لە دە ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە و هەروەها لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شاری بۆکان دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “سلێمان کەریمی” و “فایەق عەبدوڵڵازادە” بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی قەزایی دەسبەسەر کراون وگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسیان ناڕوونە.
لە شاری شنۆش، هاووڵاتییەک بە ناوی “بەهمەن ڕەسووڵیان” لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەسبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ کراوە و ناوبراویش هاوشێوەی دەسبەسەرکراوانی دیکە، ڕێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات یان پارێزەر بگرێت و هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “هیمەت کەریمی”، لە شاری دامەغان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو نادیارە و و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵکەشی بێئاکام ماوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی دڕەندانە و هەڕەمەکی و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک پەیوەندی تەلەفۆنی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و بە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.


Be the first to comment