خۆڕاگری: سینا عەلیشایی و پێشەوا ساڵحی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی سنە و مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و گوازاونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، پێشەوا ساڵحی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە هەڵیانکوتاوەتە سەری و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری گرتن و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراونەتەوە، لە بەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، سینا عەلیشاهی”، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لە ناوچەی گوڵشەهری شاری کەرەج لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هێچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و هەروەها پێشتریش لەکاتی شۆڕشی ژینادا چەندجارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و ناوبراو لەکاتی دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment