دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی خەڵكی سەردەشت، سنە و مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد، چوار هاووڵاتی لە شارەکانی سنە، سەردەشت و مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بڵاوی کردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، فواد عینایەتی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە لایەکی دیکەوە لە شاری سەردەشت، عوسمان موزەیەن، پارێزەری پلەبەرزی دادگوستەری و چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە کە پێشتر وەکالەتی دۆسیەی زۆرێک لە دەسبەسەرکراوانی سیاسی و مەدەنیی لە ئەستۆ بووە، بووەتە ئامانجی شەپۆلی نوێی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆمەڵگەی پارێزەران.

هەروەها زانیارییەکان باس لە دەسبەسەرکردنی دوو ئەندامی خێزانێک لە شاری مەهاباد دەکەن، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، حوسێن نیک‌سرشت و کوڕەکەی بە ناوی سینا نیک‌سرشت، خەڵکی گوندی “ترشەکان”ـی سەر بە مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو چوار هاووڵاتییە لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی دەسبەسەرکراوان هیچ وڵامێکی بنەماڵەکانیان نادەنەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*