‌ بەهۆی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی لە بەندیخانەی دیزڵاوا دۆخی ئەمنیی توند ڕاگەیەندرا

ئەنجومەن لەسەر ئەو دۆخە لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتە پەیامێکیشی بڵاو کردۆتەوە…

خۆڕاگری: دۆخی ناوخۆی بەندیخانەی دیزڵاوا لە کرماشان ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی بووەتەوە و بەندکراوان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و هاوکات هێزە سەرکوتکەرەکانیش گەمارۆی دەوروبەری بەندیخانەکەیان داوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر دۆخی نالەباری بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ڕایگەیاند: سەرچاوە خۆجێییەکان دۆخی ناوەوەی بەندیخانەکەیان بە “شێواو” وەسف کردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەشێک لە بەندکراوان لە دژی دۆخی بەندیخانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەو گرژییانەدا، زیان بە دەرگا و بەربەستەکانی ناوەوەی بەندیخانەکە گەیەندراوە و دۆخێکی توندی ئەمنیی ڕاگەیاندراوە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوەوە، شایەتحاڵان باس لە جێگیربوونی هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەرەوەی بەندیخانە دەکەن و بەپێی وتەی دانیشتووانی ناوچەکە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دەوروبەری بەندیخانەی دیزڵاوا بڵاوەیان پێ کراوە و ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و
تا ئێستا بەرپرسانی قەزایی و بەڕێوەبەرایەتیی بەندیخانەکە هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان و ئاستی زیانەکان بڵاو نەکردووەتەوە و وردەکاریی تەواوی ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و نایانهەوێ هیچ شتێک بدرکێنن.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری زیندانیان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە تەندروستی و سەلامەتیی گیانی زیندانیان دەربڕیوە و ئەوان هۆشداری دەدەن کە نەبوونی زانیاریی ورد و بێدەنگیی میدیایی لەم دۆخەدا، دەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی زیندانیان دروست بکات، چالاکوانان جەخت دەکەنەوە کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی تەواوی زیندانیان لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانە و داوا دەکەن ڕێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک نەدرێت لەژێر پەردەی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا.
شایانی باس کە، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ویژدانە بێدارەکان کرد ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە شەپۆلی سەرکوت و پێشێلکارییەکان دژی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان بەردەوامە، هەواڵەکان لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشانەوە جێگای نیگەرانییەکی قووڵ و مەترسییەکی جددین و ئەو زانیارییانەی بە دەست ئێمە گەیشتوون، ئاماژە بە دۆخێکی کارەساتبار دەکەن کە تیایدا سەرەتاییترین مافەکان لە بەندکراوان زەوت کراوە و بەرپرسیارێتیی هەر جۆرە زیانێکی گیانی و دەروونی کە بەر زیندانییە سیاسی و مەدەنییەکان بکەوێت، ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی دەسەڵاتی قەزایی و ئیدارەی بەندیخانەکەیە و هەروەها داوا لە سەرجەم چالاکوانان، میدیاکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە لە ئاست ئەم دۆخە نالەبارە بێدەنگ نەبن و دەنگی کپکراوی زیندانیانی دیزڵئاوا بن. بێدەنگی لەم ساتە هەستیارەدا، بەشدارییە لە درێژەدان بەم ستەمە.