خۆڕاگری: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی هۆلاکۆ ئەیوانی، دیار پوورچەریق، موبین فەیلی و یاسین میرزایی گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەدژی ڕێژیم لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شارەکانی شاباد، سەڵماس، ئەیوان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران گیانیان لەدەست دا.
یەکێک لە قوربانییەکان بە ناوی هۆلاکۆ ئەیوانی، وەرزشکاری خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشانە، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و گیانی لەدەست داوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دیار پوورچەریق، خەڵکی شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە شاری تاران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە، ناوبراو دووهەمین هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماسە کە لە هەمانڕۆژدا لە تاران کوژراوە.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی پارێزگای ئیلامیش، ناسنامەی لاوێکی ٢١ ساڵان بە ناوی موبین فەیلی ئاشکرا بووە و بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شاری “زەڕنە”ـی سەر بە شاری ئەیوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران پێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
هەروەها لە شاری کرماشان، لاوێکی ناڕازی بە ناوی “یاسین میرزایی” لە گەڕەکی «دەرەدرێژ» کراوەتە ئامانج و لە کاتی هاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ ناوچەکە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە و هەروەها لە کاردانەوە بەم ڕووداوانە، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە ئاست کوشتاری هاووڵاتییانی بێدیفاع بێدەنگ نەبن و کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن کە وڵامی جینایەتەکانی بداتەوە و بەشێوەیەک پێشێلکاری یاسای مافی مرۆڤ دەکات.
