خۆڕاگری: سۆران ئەرشەدی، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٢ساڵ و زیاتر لە ٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی”، سۆران ئەرشەدی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی گوڵۆڵانی سەرێی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژەبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ساڵ و ٧مانگ و ١٦ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بێسەروشوێن بووە و دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و دواتر کە دادگایی کراوە سزای ٢ساڵ و ٧مانگ و ١٦ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
