هاووڵاتییەکی خەڵكی مەریوان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: ئاروین نیکپەی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ۳ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی “٦ی جانیوەری ۲۰۲٦ی زایینی”، ئاروین نیک‌پی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سێ ساڵ بەندکردن کە پێشتر بەسەریدا سەپێندراوە، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەریوانەوە بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، بۆ سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە لە ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە گوازرایەوە و هەروەها لە مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا، دوای کۆتایی‌هاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە و دواتر جارێکی دیکە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات گوازرایەوە و لە کۆتاییدا مانگی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، جارێکی دیکە بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە و ماوەیەک دواتر لە جۆزەردانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.