دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵكی هەرسین لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە

خۆڕاگری: سەجاد کاکایی، شاپوور ڕەشیدی و مێهدی بالی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی هەرسین لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارنەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١ی ١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” سەجاد کاکایی، شاپوور ڕەشیدی و مێهدی بالی، سێ هاووڵاتیی خەڵكی شاری هەرسین لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەو سێ هاووڵاتییەی دەسبەسەر کردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ گرتنگەیەکی سپای پاسداران لە کرماشان و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر تۆمەتەوەپاڵدراوەکانیان و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.